کەرەج؛ لوقمان عەلیزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار کە منداڵەکەی بریندار بوو و تەرمەکەی بە ٤٠٠ میلیۆن تمەن ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە
٣ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "لوقمان عەلیزادە" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب و دانیشتووی کەرەج، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "لوقمان عەلیزادە" شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی فەردیسی کەرەج، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کرایە ئامانج و کوژرا. لەم ڕووداوەدا منداڵە بچووکەکەشی بریندار بوو.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە تەرمی لوقمان عەلیزادە لە بەرانبەر ٤٠٠ میلیۆن تمەندا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گوندی شوێنی لەدایکبوونی بە خاک سپێردراوە.
لوقمان عەلیزادە بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری تیکاب لە پارێزگای ورمێیە.