کرماشان؛ دوکتور پێدرام ئەرغا، لاوی تەمەن ٣١ ساڵانی کوردی یارسان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار

20:40 - 4 رێبەندان 2725

٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ دوکتور "پێدرام ئەرغا" لاوی تەمەن ٣١ ساڵانی کوردی یارسان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ دوکتور "پێدرام ئەرغا"، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشاندا لە گەڕەکی "مەسکەن"، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

دوکتور "پێدرام ئەرغا" کوڕی فروود، پزیشکی ددان بووە و نۆرینگەکەی لە گەڕەکی "مەسکەن"ی کرماشان بووە. تەرمی ناوبراو لە ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە گۆڕستانی "سەراو تیران" بە خاک سپێردراوە.

هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکان داوا کردبوو و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کرابوون.