کرماشان؛ ئومید شوجاعیان، لاوی کوردی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٩ی بەفرانبار

20:36 - 4 رێبەندان 2725

٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "ئومید شوجاعیان" هاووڵاتیی لاوی کوردی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "ئومید شوجاعیان"، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشاندا، لەبەردەم دووکانەکەی لە "گەڕەکی مەسکەن" بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا تەرمەکەی ڕادەست کراوەتەوە یان نا و هەروەها ڕوون نییە کە  بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکان داوا کردبوو و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کرابوون.