دێهلوڕان؛ دەسبەسەرکرانی ١١ هاوولاتی لە دێهلوڕان بە ئامانجی زاڵكردنی کەشی سەرکوت و بە بێ هۆکاری ڕوون

22:14 - 12 بەفرانبار 2725

١١ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە هێمنانەکەی هاووڵاتییانەی خەڵكی دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام، لانیکەم ١١ هاووڵاتی بە هێرشی هێزە ئینتیزامییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کران. ئەم کەسانە پاش ڕاگوێزران بۆ کەلانتەریی ١١ی دێهلوڕان، سەرەڕای کۆبوونەوە و هەوڵی خەڵک بۆ ئازادکردنیان لە بەردەم کەڵانتەری، بۆ ئیلام ڕاگوێزران و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و دیار نییە لە کوێ ڕاگیراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم دەسبەسەرکرانە سەرڕۆیانانە بە کوردپای وت: ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، لانیکەم ١١ هاووڵاتیی خەڵکی دێهلوڕان بەناوەکانی "ئەکبەر دەرویشی"، "عارف دەرویشی"، "محەممەد هەواسی"، "سێپێهر ساڵحی"، "ئەمیر ڕەئووفی"، "ئێحسان مەلکی"، "میلاد کیادی"، "فەرزاد شوکری"، "ئەبولفەزل شادفەر"، "موعین مەلکی" و "یەزدان بەختی" تەمەن ۲۱ساڵ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارە و تەنیا بە ئامانجی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و سەرکوت، بە بێ هیچ هۆکارێکی دیار و بە هێرشی هێزە ئینتیزامییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون. ئەم کەسانە پاش ڕاگوێزران بۆ کەلانتەری ١١ی دێهلوڕان، سەرەڕای هەوڵی خەڵک بۆ ئازادکرانیان، بۆ ئیلام ڕاگوێزراون و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر لە کاتی دەسبەسەرکرانیان، چارەنووسیان ناڕوونە و شوێنی ڕاگیرانیشیان نادیارە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە لە کاتێکدایە کە هیچ هۆکارێکی ڕوون بۆ دەسبەسەرکرانەکان نییە و هێزەکانی سەرکوت، تەنیا پاش ناڕەزایەتییە هێمنانەکانی خەڵک لەمەڕ دۆخی نالەباری بژێو، بە ئامانجی ترساندنی خەڵک و زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی، دەستیان بە دەسبەسەرکردنی ئەم کەسانە کردووە.

ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥)ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، جێگایەک کە کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان. لە ڕۆژانی دواتردا، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە زیاتر لە ١٠ هەتا ١٥ شار لەوانە، تاران، ئێسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، هەمەدان، کرماشان، ئەهواز، ئەراک، نەجەف ئاباد، فوولادشار، مارلیک، ئیزە، نوورئابادی مەمەسەنی، فەسا، یەزد، زەنجان و قوم. چییەتیی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکوومەت و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."