بەندیخانەی ورمێ؛ حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازاده بەشێوەی کاتی ڕاگیرا و پێڕاگەیشتنی دووبارەی بۆ دەکرێ

22:36 - 10 بەفرانبار 2725

٩ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ حوکمی سێدارەی  مێحراب عەبدوڵڵازاده، بەندکراوی سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بەشێوەی کاتی ڕاگیرا و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە. ئەم حوکمە که پێشتر لە ڕێکەوتی ۲۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴ لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە و پاش جێگیربوون،  بۆ جێبەجێکران ڕادەستی یەکەی جێبەجێکاری سزاکانی بەندیخانەی ورمێ کرابوو، پاش ناڕەزایەتیی پارێزەرەکانی دۆسییەکە و خستنەڕووی گەڵاڵەی ناڕەزایەتیی نوێ، جارێکی دیکە لە دیوانی باڵای وڵاتدا پێداچوونەوەی پێدا دەکرێ.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی سێشەممه ٩ی بەفرانباری ۱۴۰۴ به بنەماڵەی ئەم  بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە که پارێزەرەکانی گەڵاڵەیەکی ناڕەزایەتیی نوێیان ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کردووە.

بەم پێیە ڕەوتی هەڵسەنگاندنی دووبارەی دۆسییەکە لە دیوانی باڵای وڵاتدا دەستی پێ کردووەتەوە و هەتا کاتی دەرچوونی بڕیاری نوێ، جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەکەی بەشێوەی کاتی ڕاگیراوە.

هەروەها سەرەڕای ئەوەی کە حوکمی پێشوو لە قۆناغی سەرەتایی دەرچووە و پشتڕاست کراوەتەوە و جێبەجێکرانی ڕاگەیەندراوە، جێبەجێکرانی لە یەکەی جێبەجێکاری  ورمێشدا بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە تاکوو لە دیوانی باڵای وڵاتدا سەرلەنوێ تاوتوێ بکرێ و بڕیاری کۆتایی دەر بکرێ.

پێویستە بوترێ کە ڕاگیرانی کاتیی حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە بە خۆی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە هیوادارن کە بە بەدواداچوونی پارێزەرەکان و بەپێی گەڵاڵە ناڕەزایەتییەکە حوکمەکە ڕاگیرێ؛ چونکه به وتەی ئەوان، دۆسییەکە پارادۆکسی تێدایە و منداڵەکەیان بێتاوانە.

٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، کوردپا بڵاوی کردەوە کە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی پشتڕاست کردەوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدایە.