ئیلام؛ دادگای پێداچوونەوە حوکمی ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاوی مووسا ئومیدیی کەم کردەوە
٨ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ لقی ٥ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلام، حوکمی ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاوی موسا ئومیدی، چالاکی سیاسی و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد لە پارێزگای ئیلامی سەرەتا بۆ سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو و دواتر بۆ پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی کەم کردەوە.
بەپێی دادنامەی دادگای پێداچوونەوە کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، هەروەها لقی ٥ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلام، بە سەرۆکایەتیی "حەمیدڕەزا خۆسرۆئابادی" و ڕاوێژکاری دادگا "عەبدولکەریم سەبزواری" سزا تەواوکەرەکانی دەرکراو دژی ئەم چالاکە سیاسییەی هەڵوەشاندووەتەوە و دەنگی دەرچوو یەکجارەکی و مسۆگەرە.
ئەم حوکمە سەرماوەزی ئەمساڵ بەم چالاکی سیاسییە ڕاگەیەندرا.
مووسا ئومیدی، پێشتر بە تۆمەتەکانی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست" و "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو و وەک سزای تەواوکەریش بە دوو ساڵ قەدەغەبوونی نیشتەجێبوون لە پارێزگای ئیلام و قەدەغەبوونی ڕادەربڕینی سیاسی- کۆمەڵایەتی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤،کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی موسا ئومیدی لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلامدا بەڕێوە چوو.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٤،هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکە سیاسییە و دەسبەسەریان کرد.
هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێ کەلوپەلی کەسی ناوبراو لەوانە لەپتاب، مۆبایل و کتێبەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، ئەم چالاکە سیاسییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپەکان یان ڕێکخراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بانگی دادسەرای ئیلام کرابوو.