مەریوان؛ محەممەد نیکپەی و محەممەد ئەشتەک بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکانیان لە پێوەندی لەگەڵ نەورۆزی کوردستاندا بۆ بەندیخانە ڕاگوێزران
ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان بە ناوەکانی محەممەد نیکپەی و محەممەد ئەشتەک، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانە داسەپاوەکەیان بۆ بەندیخانەی مەریوان ڕاگوێزران. ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردن و بەشداری لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ١٤٠٤ دەسبەسەر کرابوون و هەرکامیان بە دوو مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ محەممەد نیکپەی و محەممەد ئەشتەک لە هاوینی ١٤٠٤دا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لە ڕێگەی بەشداری لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕۆحی" موحاکمە کران. بەپێی حوکمی دەرچوو، هەرکام لەم دوو هاووڵاتییە بە دوو مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو و هەروەها سێ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا دراون. ئەم سەرچاوە ئاگادارە جەختی کردەوە کە ئەم حوکمە بە هۆی گوشاری یەکێک لە کادرە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بە سەریاندا سەپاوە و لە کۆتاییدا، ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکرانی حوکمی دەسبەسەرکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی مەریوان ڕاگوێزراون.
پێشتر ڕۆژی هەینی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٤، محەممەد نیکپەی و محەممەد ئەشتەک پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر کرابوون. ئەم دوو هاووڵاتییە پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران بەڵام لە کۆتاییدا بە پشتڕاستکرانەوەی حوکمەکەیان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی ڕەوانەی بەندیخانە کران.