سنە؛ دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی ڕامین و سەباح ساڵحی لەگەڵ بێڕێزی بە گیانلەدەستداوانی ژینگەپارێز
ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوو چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە بە ناوەکانی "ڕامین ساڵحی" و "سەباح ساڵحی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە وردەکارییەکانی ڕایگەیاند؛ ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، کاتژمێر ١١:٣٠، "ڕامین ساڵحی" چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سنە و ئەندامی گرووپی ژینگەپارێزیی "قەڵای حەسەناوا"، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان کە بە چەند ماشینی ئەمنییەتی چووبوونە شوێنی کارەکەی، بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا. ئەم دەسبەسەرکرانە بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و بە بێڕێزی و سووکایەتی بە گیانلەدەستداوانی ژینگەپارێزی کوردستان بووە. ڕامین ساڵحی پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
لە درێژەدا ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ و نزیک کاتژمێر ١٢، "سەباح ساڵحی"یش لە باخەکەی خۆیدا بە هێرشی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەتییەکان، بە بێ بەڵگەی یاسایی، بە دەستبەند و چاوبەند دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕامین ساڵحی و سەباح ساڵحی، ئامۆزای یەکترن.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."