دابڕگەی بەندیخانەی بۆکان؛ گیانی ڕەسووڵ دادیار بە ئەشکەنجەی توند و بێبەریکردنی پزیشکی لە مەترسیی جیدیدایە
٥ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ ڕەسووڵ یادیار، دەسبەسەرکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان زیاتر لە ١١ ڕۆژە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و پاش ئەشکەنجەی توندی جەستەیی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی بۆکان، بۆ دابڕگەی بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا و بە بێ دەسپێڕاگەیشتنی پزیشکی و بە بێ مافی پێوەندی یان چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، لە دۆخێکی ناجێگیردایە و گیانی لە مەترسیی جیدیدایە. بنەماڵەی ناوبراو بەقووڵی نیگەرانی دۆخی جەستەیی و چارەنووسی ناوبراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕەسووڵ دادیار لە ڕۆژانی سەرەتای دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە سەختی ئەشکەنجەی جەستەیی دراوە، بە جۆێک کە دەستێک، چەناگەی، ددانەکان و دوو پەراسووی شکاون و هەموو لەشی شین هەڵگەڕاوە. سەر و دەموچاویشی بەسەختی ئازاریان پێ گەیشتووە. ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەم دۆخە ناجێگیرە و ئێشی زۆر، بۆ دابڕگەی بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزراوە و ئیتلاعاتی بۆکان بڕیاری داوە کە هیچ جۆرە پێڕاگەیشنێکی پزیشکیی بۆ نەکرێ. هاوکات بنەماڵەی ڕەسووڵ دادیار لە هەر چەشنە پێوەندی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ناوبراو بێبەری کراون و نیگەرانییەکان لەمەڕ دۆخی زۆر بووە.
ڕەسووڵ دادیار شەوی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕەسووڵ یادیار خەڵکی گوندی «گوێگتەپه» سەر بە شاری بۆکان، تەمەنی ٣٠ ساڵە و خێزاندارە و لە نانەوایی کار دەکات.