بەندیخانەی ورمێ؛ یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی یارسانی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا

01:39 - 8 بەفرانبار 2725

٣ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی یارسانی خەڵکی میاندواو کە لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دووستی" بە تۆمەتی "افساد فی الارض" لە ڕێگەی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە میاندواو دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا. ناوبراو بۆ ماوەی دوو مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر بنەمای "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ناردنی زانیاری" ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی درا و لەژێر گوشاری هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا بوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: یەعقووب کەریمپوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگە هەتا کاتی ناردنی دۆسییەکەی بۆ لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و لە گرتنگەدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: کۆبوونەوەی موحاکمەکردنی ئەم هاووڵاتییە بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چووە و لە دادگایەکی کورتی ١٥ خولەکیدا، بە تۆمەتی " افساد فی ‌الارض" لە ڕێگەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران مەحکووم کراوە و ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردوونەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ناوبراو بە حوکمی دادگای سەرەتایی، دۆسییەی یەعقووب کەریمپوور ڕادەستی لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات کراوە.

یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی یارسانی، کەمئەندامە و لەژێر چاوەدێریی بێهزیستیدایە؛ ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣یە و خێزاندارە و دەرچووی بەشی یاسا لە زانکۆی مەراغەیە.