مەهاباد؛ کەیوان مامەگوڵی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا

01:33 - 8 بەفرانبار 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی "کەیوان مامەگوڵی" خەڵکی گۆێگتەپەی مەهاباد، پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی مەهاباد دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بە بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

پێشتر کوردپا ڕایگەیاندبوو کە ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکران سزا دراوە و ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کەیوان مامەگوڵی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.