سنە؛ بانگکران و لێپرسینەوە لە باوک و برای چیاکۆ یووسفینژاد، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە
ئەمڕۆ دووشەممە یەکی بەفرانباری ١٤٠٤، لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵە مافخوازەکانی گیانلەدەستداوانی کوردستان، "عادڵ یووسفینژاد" و "ئاکۆ یووسفینژاد" باوک و برای چیاکۆ یووسفینژاد، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە کە لە کوژاندنەوەی ئاگری ئاویەردا گیانی لەدەست دا، بانگی ئیتلاعاتی سنە کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ئاماژەی بەوە کرد کە باوک و برای ئەم گیانلەدەستداوە ئەمڕۆ دووشەممە یەکی بەفرانباری ١٤٠٤ بانگی ئیتلاعاتی سنە کراون و بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی مەدەنی و ژینگەپارێزیی سنەدا، لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم باوک و برا مافخوازە پاش کاتژمێرێک لێپرسینەوە ئازاد کراون.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری بەفراوانی کێوی ئاویەری سنە لە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤دا، چەند کەس لە چالاکانی ژینگەپارێز بەسەختی بریندار بوون. بەداخەوە بەهۆی قووڵیی برینەکانەوە سێ کەسیان بە ناوەکانی حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی به ڕیز لە ڕۆژەکانی سێیەم، پێنجەم و شەشەمی گەلاوێژدا گیانیان لەدەست دا.
چیاکۆ یووسفینژاد، چالاکی ژینگەپارێز و وەرزشکار بوو. ئەم گێڕانەوەیە سەبارەت بە ناوبراو بخوێننەوە.