شنۆ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی ئیسماعیل سەیدمەحموودیان

00:10 - 2 بەفرانبار 2725

یەکی بەفرانباری ١٤٠٤؛ بە تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئیسماعیل سەیدمەحموودیان، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ، سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئیسماعیل سەیدمەحموودیان بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ‌ئاکام بووە.

ئیسماعیل سەیدمەحموودیان، هاووڵاتیی ٤٥ ساڵەی خەڵکی شنۆ، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لە "پارکی ساحلی"ی شنۆ و لەبەرچاوی بنەماڵەکەیەوە، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. ناوبراو کارمەندی جەهادی کشاوەرزییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە ناڕوونە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.