تیکاب؛ دەسبەسەرکران و ڕاگواستنی فەرشاد فەرەجی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی یەک ساڵ و دوو مانگ بەندکران بۆ بەندیخانەی میاندواو
۲۹ی سەرماوەزی ۱۴۰۴؛ فەرشاد فەرەجی، هاووڵاتیی خەڵکی تیکاب، پاش ئەوەی کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "بێڕێزی بە ڕێبەر" بە یەک ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پاش ڕۆیشتن بۆ بانک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکران بۆ بەندیخانەی میاندواو ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، فەرشاد فەرەجی بۆ کاری بانکی سەردانی بانکی کردبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی میاندواو کرا. ناوبراو پاش ئەوەی کە حوکمی بەندکرانەکەی بۆ ڕاگوێزران بۆ بەندیخانە دەرچوو، هەژمارە بانکییەکەی بلۆک کرابوو تاکوو بۆ جێبەجێکرانی حوکمەکەی بچێتە بەندیخانە.
فەرشاد فەرەجی لە کۆتاییەکانی پاییزی ١٤٠٤دا لەلایەن دادگای ئینقلابی تیکابەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "حەزرەتی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "بێڕێزی بە ڕێبەر" بە یەک ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
فەرشاد فەرەجی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری تیکاب، لە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژ دەسبەسەر کرا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی و پشکنینی، کەلوپەلە کەسییەکانیان تێک دا و دەستیان بەسەر مۆبایلەیەکدا گرت. دواتر ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست و هەتا سێ ڕۆژ هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنێکی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نەبوو. فەرەجی لە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٤دا پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی ئازاد کرا، بەڵام ئازادیی ناوبراو بە مانای کۆتاییهاتنی گوشارە ئەمنیەتییەکان نەبوو و ناوبراو پاش ئازادبوونیش چەند جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کرا و لێپرسینەوەی لێ کرا. هەروەها دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا گیرا و تاکوو ئێستا پێی نەدراوەتەوە. بە سەرنجدان بەوەی کە شاری تیکاب گرتنگەی فەرمیی سەر بە ئیتلاعات یان سپای تێدا نییە، گومان دەکرێت کە ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانی سەرەتاییدا بۆ لێپرسینەوە لە شوێنێک لە دەرەوەی شار، لەوانە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی شارەکانی دەوروبەر، ڕاگیرابێ.