شنۆ؛ دەسبەسەرکرانی نەجمەدین ئێلیاسی و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار
٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە شارەکانی کوردستاندا، هاووڵاتییەکی خەڵکی "ئاسناوێ"ی شنۆ بە ناوی "نەجمەدین ئێلیاسی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤، مێرمنداڵێکی خەڵكی گوندی "ئاسناوێ"ی شنۆ بە ناوی "سراج ئێلیاسی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."