بەندیخانەی ورمێ؛ حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە
٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمی سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی پشتڕاست کردەوە کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە و ناوبراو لە دۆخێکی خراپی دەروونیدایە.
ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: ئەم بەندکراوە بۆ وەرگرتنی دانپێدادانی زۆرەملێ لە گرتنگەدا کەتووەتە ژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونییەوە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: هەڵسەنگاندنی ڤیدیۆی کامێراکانی چاوەدێری نیشانی دەدات کە مێحراب لە شوێنی قەتڵەکەدا نەبووە و ڤیدیۆی کامێراکان لەبەر دەستی هێزە ئەمنییەتییەکاندایە و هیچ بەڵگەیەک لەمەڕ بوونی ناوبراو لەو کات و شوێنەدا بوونی نییە.
لە دۆسییەی ئەم لاوە کوردەدا، کوشتنی هێزیكی بەسیجی وەپاڵ دراوە کە لە کۆتاییدا بووە هۆی وەپاڵدانی تۆمەتەکانی "افساد فی الارض" و "بەشداری لە کوشتنی بەئەنقەست" و دەرکردنی حکومی سێدارە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" و ئەم حوکمە پاش سێ کۆبوونەوەی دادگا لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣دا دەرچوو و مانگێک دواتر لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری هەمان ساڵدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ پێی ڕاگەیەندرا.
دۆسییەی ئەم بەندکراوی سیاسییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی ڕادەستی لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی "سوڵتانزادە" کرا و پاش دەرچوونی بڕیاری بەدواداچوون، ڕادەستی لقی یەکی داداگای ئینقلابی ورمێ کرایەوە.
مێحراب عەبدوڵڵازادە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١دا لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شارەکی "وەلیعەسر"ی ورمێ بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
مێحراب عەبدوڵڵازادە لەدایکبووی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٧٦، کوڕی محەممەدئەمین و خەڵکی گوندی "خوشالان" سەر بە ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێیە کە خەریکی کاری ئارایشگەری بووە.