شنۆ؛ چوار ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مەولوود خالیدی

02:21 - 30 سەرماوەز 2725

۲۷ی سەرماوەزی ۱۴۰۴؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە کوردستان، هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بە ناوی "مەولوود خالیدی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش چوار ڕۆژ سەبارەت بە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کودپا؛ "مەولوود خالیدی" ٣٣ ساڵە، کوڕی موتەلیب، خەڵکی گوندی "میراوێ"ی شنۆ، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."