سێ دەسبەسەرکران لە میاندواو؛ حەسەن ڕەمەزانی، بەهمەن ئەحمەدزادە و سالار ئوستادئەحمەدی

02:14 - 30 سەرماوەز 2725

۲۷ی سەرماوەزی ۱۴۰۴؛ سێ هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو بە ناوەکانی «حەسەن ڕەمەزانی»، «بەهمەن ئەحمەدزادە» و «سالار ئوستادئەحمەدی» لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سەرچنار" سەر بە شاری میاندواو بە ناوەکانی «حەسەن ڕەمەزانی»، «بەهمەن ئەحمەدزادە» و «سالار ئوستادئەحمەدی» لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."