ورمێ؛ جێبەجێکرانی حوکمی سێدراەی عەقیل کشاوەرز، بەندکراوی تۆمەتبار بە "سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل" لە بەندیخانەی ورمێ
سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، حوکمی سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی "عەقیل کشاوەرز" خەڵکی ئێسفەهان کە بە تۆمەتی "سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم بەندکراوە نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤، توانیویانە بۆ ئاخرین جار بیبینن.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، ئەم بەندکراوە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و میدیاکانی هێزی دادوەری جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەی عەقیل کشاوەرزیان لە سەرلەبەیانیی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا پشتڕاست کردەوە.
عەقیل کشاوەرز، خوێندکاری نژیارڤانی (مێعماری)ی زانکۆی شاهروود، بانەمەڕی ١٤٠٤ لە کاتی سەفەر بۆ ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی "سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل" لەیەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدا لێپرسینەوەی لێ کرا و ئەشکەنجە درا.
ئەم بەندکراوە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و کۆتاییەکانی هاوینی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دووستی" بە تۆمەتی "سیخوڕی بە قازانجی ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و لە بەندیخانەی ورمێ و ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە.