پیرانشار؛ بە دەسبەسەرکرانی سۆران دوورجەدوور، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە ٥ کەس

02:01 - 30 سەرماوەز 2725

 ۲۷ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ بە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "سۆران دوورجەدوور" ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە لە یەک ڕۆژدا گەیشتە ٥ کەس. پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکرانی "هەژار توورەجی" و "ڕزگار خانپایە" و "تاهیر باپیران(بارام)" و "سیامەند ئیسماعیلی"ی بڵاو کردبوویەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤، "سۆران دوورجەدوور" کوڕی مەسعوود بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

پێویستە بوترێ کە سۆران دوورجەدوور سەڵتە، هەژار توورەجی خێزاندارە و باوکی چالاکێکی سیاسیی و لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان لە دەرەوە ئێرانە. ڕزگار خانپایەش خێزاندارە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "تاهیر باپیران(بارام)" و "سیامەند ئیسماعیلی" خەڵکی "شیناوێ"ی پیرانشار بە شێوەی توندوتیژ و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."