بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئیبراهیم مەردانی و ڕەسووڵ یادیار و ڕاگواستنیان بۆ شوێنی نادیار

01:44 - 30 سەرماوەز 2725

شەوی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "ئیبراهیم مەردانی" و "ڕەسووڵ یادیار" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا. "ڕەسووڵ یادیار" خەڵکی گوندی "گوێگتەپە" و "ئیبراهیم مەردانی" خەڵكی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیلاعاتەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئیراهیم مەردانی پێشینەی دوو جار دەسبەسەرکرانی هەیە، لەوانە؛

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، بە هۆی بەشداریی میوانەکانی لە ڕێوڕەسمی شایی منداڵەکەی بە "جلوبەرگی خاکی"یەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨، ئیبراهیم مەردانی بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. دواتر لە ٥ی گەلوێژدا بە کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."