ئاودانان؛ ئەمیرعەلی حەیدەری ئازاد کرا و سێ لاوی دیکە هێشتا چارەنووسیان ناڕوونە
٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ ئەمیرعەلی حەیدەری لە دەسبەسەرکراوانی ئاودانان، پاش ڕۆژێک دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازاد کرا. بەم حاڵەوە سێ لاوی دیکەی دەسبەسەرکراوی ئاودانان پاش سێ ڕۆژ هێشتا دەسبەسەرن و چارەنووسیان ناڕوونە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا ڕایگەیاند کە "ئەمیرعەلی حەیدەری" کە خەڵكی ئاودانانە، شەوی سێشەممه ۲۵ی سەرماوەزی ۱۴۰۴ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. ناوبراو ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز و پاش ڕۆژێک ئازاد کرا.
پێشتر کوردپا ڕایگەیاندبوو «سوهەیل پاکڕەزان»، «ئیلیا ئیمانی» و «حوسێن حاجیان» کوڕی یەدوڵڵا و خەڵکی ئاودانان، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەی ١٤٠٤، بەشێوەی توندوتیژ و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران و سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."