۴ دەسبەسەرکران لە ماوەی یەک ڕۆژدا؛ هەژار توورەجی و ڕزگار خانپایەش لە پیرانشار دەسبەسەر کران

05:37 - 26 سەرماوەز 2725

۲۵ی سەرماوەزی ۱۴۰۴؛ بە دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار، به ناوەکانی «هەژار توورەجی» و «ڕزگار خانپایه» لەلایەن  هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بەم شێوەیە ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە، لە ماوەی یەک ڕۆژدا گەیشتە ۴ کەس.

 پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکرانی «تاهیر باپیران (بارام)» و «سیامەند ئیسماعیلی»ی بڵاو کردبوویەوه. 

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممه ۲۴ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، «هەژار توورەجی» کوڕی ئەبووبەکر و «ڕزگار خانپایه» کوڕی محەممەدئەمین، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی  دەسبەسەر کران و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزران.

 پێویستە بوترێ کە هەژار توورەجی، خیزاندارە و باوکی چالاکێکی سیاسییە کە لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان لە دەرەوەی ئێرانە. هەروەها ڕزگار خانپایەش خێزاندارە.

هەر لەم پێوەندییەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممه ٢٤ی سەرماوەزی  ١٤٠٤، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی  «تاهیر باپیران (بارام)» و «سیامەند ئیسماعیلی» خەڵکی «شیناوێ»ی پیرانشار به شێوەی توندوتیژ و بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزران.

 هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."