لە ماوەی ٤ ڕۆژدا؛ بە دەسبەسەرکرانی کارزان بەهمەنی ژمارەی دەسبەسەرکراوانی مەهاباد گەیشتە ٩ کەس
۱۹ ی سەرماوەزی۱۴۰۴؛ بە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "کارزان بەهمەنی" هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکانی هاووڵاتییان لە شاری مەهاباد لە ماوەی چوار ڕۆژدا گەیشتە نۆ کەس. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم کەسانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کورپا؛ نیوەشەوی چوارشەممە ١٩ی سەرماوزەی ١٤٠٤، "کارزان بەهمەنی" کوڕی ڕەسووڵ، خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە" سەر بە شاری مەهاباد بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕگوێزرا.
بە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم هاووڵاتییە، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی مەهاباد لە ماوەی چوار ڕۆژدا بە ناوەکانی "ئارام جەمشیدوون"، "محەممەد مستەفا"، "کازم ئازدە"، "ناسر ئازەرەم"، "ئاکام شێخەمرشە"، "هەژار محەممەدزادە ئەقدەم"، "ئیمان محەممەدزادە ئەقدەم"، "سامان قوربانی" و "کارزان بەهمەنی" گەیشتە ٩ کەس بە جۆرێک کە تەنیا لە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا سەرجەم ٥ کەس لە مەهاباد دەسبەسەر کران.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم شەش هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەک نادەن.
- پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتگەلێکی تایبەتدا، هەواڵی دەسبەسەرکرانی ٨ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهابادی بەم شێوەیە بڵاو کردبوویەوە؛
- ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛
- "ئارام جەمشیدوون" هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "قەرەداغ" سەر بە شاری مەهاباد، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ ، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
- ١٦ی سەرماوزەی ١٤٠٤؛
- "محەممەد مستەفا" کوڕی ئیدریس، هاووڵاتیی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی مەهاباد، نیوەشەوی یەکشەممە ١٦ی سەرماوزەی ١٤٠٤ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ئەم هاووڵاتییە لەوانە مۆبایلەکەیدا گرتووە.
- ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛
- سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤، "کازم ئازدە" و"ناسر ئازەرەم" دوو هاووڵاتیی خەڵکی "خەلیفان" سەر بە شاری مەهاباد بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بەشێوەی توندوتیژ دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
- ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛
- ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی "ئاکام شێخەمرشە" خەڵکی گوندی "قەرەقشڵاق"، "هەژار محەممەدزادە ئەقدەم" و "ئیمان محەممەدزادە ئەقدەم" خەڵكی گوندی "خوڕخوڕە" و "سامان قوربانی" کوڕی ئیسماعیل بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر مالەکەیان و بە بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."