٦ دەسبەسەرکران لە مەهاباد؛ ئاکام شێخەمرشە، هەژار محەممەدزادە ئەقدەم و ئیمان محەممەدزادە ئەقدەمیش دەسبەسەر کران
لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ئاکام شێخەمرشە" خەڵکی گوندی "قەرەقشڵاق" سەر بە مەهاباد و "هەژار محەممەدزادە ئەقدەم" و "ئیمان محەممەدزادە ئەقدەم" خەڵكی گوندی "خوڕخوڕە" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن" هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم سێ هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیاندا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، "سامان قوربانی" کوڕی ئیسماعیل، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و بە شێوەی توندوتیژ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤، "کازم ئازدە" و"ناسر ئازەرەم" دوو هاووڵاتیی خەڵکی "خەلیفان" سەر بە شاری مەهاباد بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بەشێوەی توندوتیژ دەسبەسەر کراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆەمتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم شەش هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."