٨ دەسبەسەرکران لە بۆکان؛ قادر و کاوە کۆڵەش بە شێوەی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانە دەسبەسەر کران
١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە شارەکانی کوردستان، بە دەسبەسەرکرانی قادر کۆڵە و کاوە کۆڵە، ژمارەی دەسبەسەرکراوان لە بۆکان گەیشتە ٨ کەس.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی خەڵكی گوندی "کانی ڕەش" سەر بە شاری بۆکان، بە ناوەکانی قادر کۆڵە تەمەن ٣٥ ساڵ و کاوە کۆڵە تەمەن ٤٥ ساڵ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
لە دریژەی ئەم هێرشەدا، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ئەم دوو هاووڵاتییە وەک مۆبایلەکەیان و کامێرای ماڵەکانیاندا گرتووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هیزە ئەمنییەتییەکان لەمباروە هیچ ڕوونکردبەوەیەکیان نەداوە.
قادر و کاوە کۆڵە هەردووکیان خێزاندارن و منداڵیان هەیە.
لە ماوەی ٥ ڕۆژدا، لە ماوەی زەمەنیی ١٣ هەتا ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لانیکەم ٨ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لە شەپۆڵیکی نوێی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەز، ئومید بادی، وێنەگر و فیلمهەڵگری خەڵكی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی لە گەڕەکی "عەلیاوا"ی بۆکان دەسبەسەر کرا.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤، چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سلێمان (محەممەد) ئیسماعیلی" خەڵکی میراوێی بۆکان، "دیار حاجی ڕەسووڵپوور"، "دیان ڕەسووڵپوور" و "ئەحمەد زرەنگ"، خەڵکی بۆکان و گوندی "گڵۆڵان" بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندتیژییەوە، لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەر کران و دەست بەسەر کەلوپەلە کەسیییەکانیاندا گیرا.
لە کۆتاییدا ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەز، سمکۆ یووسفی وانەبێژی زمانی کوردی و چالاکی مەدەنی، بە توندوتیژییەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان دەسبەسەر کرا.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."