مەهاباد؛ بە دەسبەسەرکرانی محەممەد مستەفا، ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتە دوو کەس

12:03 - 17 سەرماوەز 2725

١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە شارەکانی کوردستاندا، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوی "محەممەد مستەفا" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەرکرانی "ئارام جەمشیدوون"ی بڵاو کردبوویەوە. بەم شێوەیە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ نیوەشەوی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، "محەممەد مستەفا" هاووڵاتیی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی مەهاباد  و کوڕی ئیدریس، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها لەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەیەدا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ئەم هاووڵاتییە لەوانە مۆبایلەکەیدا گرتووە.

پێشتر کوردپا بڵاوی کردبوویەوە؛ ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، "ئارام جەمشیدوون" هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "قەرەداغ" سەر بە شاری مەهاباد، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیاییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."