دێولان؛ محەممەد ڕەزایی، ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین به یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا

08:03 - 16 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی چوارشەممه ۱۴ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴، محەممەدوڵڵا ڕەزایی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دێولان و لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین، لەلایەن دادگای سزاکانی ئەم شارەوە به تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» به یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو  مەحکووم کرا.

ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە ئینستاگرامی خۆیدا نووسیویەتی؛ محەممەد ڕەزایی لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین لە دێولان به تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» به یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوە. 

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لقی ۱۰۲ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولان حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاوی دژی محەممەد ڕەزایی سەر کردووە.

پێشتر کوردپا بڵاوی کردبووەوە؛ محەممەدوڵڵا ڕەزایی، خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری دێولان، ۲۱ی پووشپەڕی ۱۴۰۴ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەنجومەنی نۆژین لە هەواڵی بڵاوکراوی خۆیدا نووسیویەتی؛ پێشتر محەممەدوڵڵا ڕەزایی پاش ٥٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگەی ئیتلاعات بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.