بەندیخانەی شنۆ؛ خالید بایزیدی، بەندکراوی سیاسیی کورد بە دۆخی قەیراناوی دڵی بۆ بەشی چاوەدێریی تایبەت ڕاگوێزرا

07:54 - 16 خەزەڵوەر 2725

۱۴ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴؛ ڕۆژی ڕابردوو، خالید بایزیدی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم به ۵ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی شنۆ، پاش ۹ ڕۆژ لە ڕاگوێزرانی بۆ بەندیخانە و سەرەڕای  هۆشداری پزیشک سەبارەت بە قەدەغەبوونی ڕاگیرانی لەبەندیخانە، به هۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەی دڵی بە دۆخی زۆر ناجێگیرەوە بۆ نەخۆشخانەی شنۆ ڕاگوێزرا و ئێستا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتدا خەوێندراوە.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، خالید بایزیدی که لە خەرمانانی ۱۴۰۴دا به ۵ ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو و لە ۱۰ ڕۆژی ڕابردوودا بە دۆخی ناجێگیری دڵی بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرابوو، ڕۆژی سێشەممه ۱۳ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴ به هۆی ناجێگیربوونی دۆخی دڵی، بۆ بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی خالید بایزیدی لەکاتێکدا بە دۆخێکی خراپەوە ڕاگویزراوە بۆ نەخۆشخانە کە پێش لە جێبەجێکرانی حوکمەکەی، پزیشکەکەی هۆشداریی دابوو کە ناوبراو نابێ لە بەندیخانەدا بێ و دەبێ بە شێوەی بەردەوام لەژێر چاوەدێریی پزیشکی پسپۆڕدا بێت. هەروەها پزیشک پشتڕاستی کردبووەوە کە مەترسیی جیدیی دڵی لەسەرە. بەم حاڵەوە داواکاریی خالید بایزیدی بۆ چاوەدێریی پزیشکیی تایبەت ڕەوانەی دادگا و دادستانیی شنۆ کرا بەڵام ڕەت کرایەوە و بۆ بەندیخانە ڕاگوێزرا.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، خالید بایزیدی لە هەمان سەرەتاوە بە دۆخی ناجێگیری دڵیەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزراوە و بەرپرسانی پێوەندیدار هیچ سەرنجێکی دۆخی تەندروستییان نەداوە. لە کۆتاییدا پاش ٩ رۆژ بە دۆخی ناجێگیرەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا.


لە ڕۆژی ڕابردوو ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤دا که خالید بایزیدی لەژێر چاوەدێریی نیگابانەکان لە بەشی چاوەدێریی تایبەتدا خەوێندراوە، بنەماڵەکەی لە مافی چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵ ناوبراو بێبەری کراون؛ هەروەها لە ماوەی ۹ ڕۆژ بەندکراندا بنەماڵەکەی تەنیا یەک جار توانیویانە بیبینن.

خالید بایزیدی لە خەرمانانی ۱۴۰۴دا لەلایەن لقی ۱۰۱ی دادگای کەیفەری ٢ی  شنۆوه به تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان به ۵ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا و لە ۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴ دا بە مەبەستی جێبەجیکرانی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی  شنۆ ڕاگوێزرا.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی جۆزەردانی ۱۴۰۴ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش ۳۵ رۆژ دەسبەسەرکران، ئەشکەنجه و لێپرسینەوە و ڕاگیران لە گرتنگە، بە دانانی بارمتەی ۵۰۰ میلیۆنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو. لە هەموو ماوەی دەسبەسەرکراندا، ناوبراو لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن به پارێزەر بێبەری بووە.

خالید بایزیدی ۴۳ ساڵە، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە.