سەقز؛ دەسبەسەرکرانی دووبارەی ئەمجەد ساڵحزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو

07:32 - 16 خەزەڵوەر 2725

١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەمجەد ساڵحزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سەقز، پاش چوار مانگ ئازادیی کاتی، دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرشکردنە سەر  ماڵی ئەم هاووڵاتییە، بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەلگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

سەرەڕای تیپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ناوبراو، هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیران و دۆخی لەبەر دەستدا نییە و دەوترێت کە لە مافی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی دووبارەی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ڕیبەندانی ١٤٠٣ و چوار مانگ ڕاگیرانی لە گرتنگە؛

ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئەمجەد ساڵحزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، پاش چوار مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە گرتنگەی شارامفەری سنە و ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی سەقز لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

کوردپا ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤ بڵاوی کردەوە کە ئەمجەد ساڵحزادە تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی سەقز کە لە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ لە دەسبەسەرکرانی هەروا بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە گرتنگەی شارامفەری، سەر بە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنەیە و بڕیاری دەسبەسەرکرانەکەی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کراوەتەوە.

بە بڕیاری هێزە ئەمنییەتییەکان بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی ئەمجەد ساڵحزادە سێ جار درێژ کراوەتەوە. ئەمجەد ساڵحزادە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکاندایە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرد.

سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

دۆسییەی پێشووی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و دەرچوونی سزا دژی ئەمجەد ساڵحزادە:

ئەم هاووڵاتییە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای داسەپاو، سزای ناوبراو بۆ پێبژاردنی سەد و ٦٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی گۆڕدرا.

 سزای ئەم هاووڵاتییە کوردە بەپێی برگەی ٤٤٢ بۆ پیبژاردنی سەد و ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی کەم کرایەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای ئەمجەد ساڵحزادە بۆ پێبژاردنی سەد و ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی لە لقی ٢ی جیبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە جێبەجێ کرا.

ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بانگی ئیتلاعاتی سەقز کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.

کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بەرێوە چوو و ناوبراو بە "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.