بۆکان؛ سەیدحوسێن (زانکۆ) محەممەدی، دەسبەسەرکراوی سیاسی بە ساڵێک بەندکرانی داسەپاو سزا درا
یەکی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەیدحوسێن (زانکۆ) محەممەدی دەسبەسەرکراوی سیاسیی خەڵكی گوندی "ئاڵیکەند"ی بۆکان، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێوە بە ساڵێک بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەیدحوسێن (زانکۆ) محەممەدی کە لە هاوینی ١٤٠٤دا بۆ ماوەی دوو حەفتە لە ئیتلاعاتدا دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لێ کراوە، لە پاییزی ئەمساڵدا لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری "وێلایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە بەندکران سزا دراوە. ئەم حوکمە کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ١٤٠٤ لەلایەن لقی ١١ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێوە پشتڕاست کراوەتەوە.
سەیدحوسێن (زانکۆ) محەممەدی ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٤، پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی بۆکان، دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی "سەیدحوسێن (زانکۆ) محەممەدی" خەڵكی گوندی "ئاڵیکەند"ی بۆکان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرابوو.
سەیدحوسێن محەممەدی پێشینەی دەسبەسەرکران و حوکمدرانی هەیە.