سنە؛ میلاد کەرەمی بە تەقە لە مەودای نزیکەوە و بە بێ هۆشداریدانی پێشوو لە خاڵی پشکنینی تیکاب کوژرا
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی خەڵکی کامێران و دانیشتووی سنە بە ناوی "میلاد کەرەمی" لەلایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە خاڵی پشکنینی چوونەژوورەوەی تیکاب بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە فیشەکی شەڕکەر کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند؛ "میلاد کەرەمی" لە چوونەژوورەوەی شاری تیکاب، کە ماشینی پرایدی هاوسەرەکەی پێ بووە و بەڵگەکانی پێ نەبووە، لە ترسی ڕاگرتنی ماشینەکە و سزادانی نەختی لە شوێنەکە دوور دەکەوێتەوە؛ بەڵام هێزە نیزامییەکان بە بێ هۆشداریدانی پێشوو بە گومانی "گواستنەوەی کاڵای قاچاخ" لە مەودای نزیکەوە و لە پشتەوە تەقەیان لێ کردووە و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند، فیشەکەکە لە مەودای نزیکەوە و لە پشتی سەرەوە تەقەی لێ کراوە؛ بە شێوەیەک کە لە سینگ و دڵییەوە دەرچووە و لە ئاکامدا دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ تەقە لە کەرەمی لەکاتێکدا بووە کە هیچ جۆرە کاڵایەکی قاچاخی پێ نەبووە و تەنیا لە ترسی دەستداگرتن بەسەر ماشینەکەی و سزادانی نەختی لە دۆخی ئابووریی هەنووکەیی خۆیدا لە شوێنەکە دوور کەوتووەتەوە.
میلاد کەرەمی کوڕی کەیۆمەرس ٣٩ ساڵە، خەڵکی گوندی "شیروانە" سەر بە کامێران و دانیشتووی سنە بووە و کاری ئازادی هەبووە. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵی تەمەن ١١ و ١٤ ساڵە بووە.
بەپێی "یاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە لە کاتی پێویست" لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هێزە چەکدار و ئینتیزامییەکان بۆ کەڵکوەرگرتن لە چەک ئەرکدار بە ڕەچاوکردنی پلەبەندی شەخسین؛ بەپێی بڕگەی یەک و تێبینییەکانی، لە دۆخی ڕێپێدراو و تەنیا لە ئەگەری درێژەی هەڕەشەکان، تەقەی هەوایی بکرێ و لە درێژەدا تەقەکردن لە نێوقەد بۆ خوارەوە ڕێپێدراوە و تەنیا لە ئەگەری پێویستی و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ گیانی هێزەکان یان باقییەکە، تەقە لە نێوقەد بۆ خوارەوە ڕێگەپێدراو دەبێ.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، تەقەکردن لە میلاد کەرەمی پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیانی بە ئەژمار دێت؛ بەپێی بڕگەی ٦ی پەیمانی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی، هیچکەس نابێ سەرەڕۆیانە بکوژرێت و کەڵکوەرگرتن لە چەکی مەرگهێنەر تەنیا کاتێ ڕێپێدراوە کە گیانی مەئموور یان کەسێکی دیکە لە مەترسیدایە. لەم حاڵەتەدا میلاد کەرەمی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لێ نەکراوە و هێزە نیزامییەکان بە بێ هۆشداریدانی پێشوو و لە پشتەوە تەقەیان کردووە لە کاتێکدا کە یاسا نێوخۆییەکانی ئێرانیش سەرەتا هۆشداریدان و تەقە لە خوارەوەی جەستەی بە پێویست زانیوە. بەم پێیە ئەم هەواڵە هەم لە ڕوانگەی مافی مرۆییەوە و هەم لە ڕوانگەی یاسا نێوخۆییەکانەوە، نایاسایی و پێشێلکردنی مافی ژیانی ناوبراو بە ئەژمار دێت.