پیرانشار؛ بە دەسبەسەرکرانی وەهاب محەممەدپوور، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە سێ کەس
 
            ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سێ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی "ڕەحیم ڕەحمانی"، "ڕەئووف فەڕۆخی" و "وەهاب محەممەدپوور" بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دسبەسەر کران و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتی ڕاگوێزران و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کاتژمێر دوو تا سێی شەو، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات لە کۆڵان و سەربانی ماڵی ئەم سێ هاووڵاتییە جێگیر بوون و بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شکاندنی دەرگا و پەنجەرەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەیەدا بە بێ بەڵگەی یاسایی دەست بەسەر مۆبایل و کەلوپەلە کەسییەکانی ئەم سێ کەسەدا گیراوە. هێزە ئەمنییەتییەکان چەکیان لە هاوسەری وەهاب محەممەدپوور ڕاکیشاوە و هەڕەشەی توندیان لە بنەماڵەی ئەم سێ کەسە کردووە.
ڕاپۆرتەکان کە بە کوردپا گەیشتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم سێ هاووڵاتییە لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدان و سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بنەماڵەکانیشیان زۆر نیگەرانیانن.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
وەهاب محەەممەدپوور پێشتر لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو و بەتوندی ئەشکەنجە درابوو.
ڕەحیم ڕەحمانی، تەمەنی ٣٥ ساڵە، خەڵکی گوندی "زەنگاوێ" و دانیشتووی پیرانشارە و سێ منداڵی هەیە.
 
                             
                             
                            