سامان محەممەدی خیارە، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە درا

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، هەواڵدەریی "میزان" سەر بە هێزی دادوەری باسی لە جێبەجێکرانی سزا سێدارەی سامان محەممەدی خیارە، بەندکراوی عەقیدەتیی کوردی خەڵکی سنە کرد.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە ڕۆژی هەینی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج کراوە.
ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ش، ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە بۆ جێبەجێکردنی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج کرا و پاش دواخستنی جێبەجێکرانی سزاکە، گەڕێندرایەوە بۆ بەندی گشتیی ئەم بەندیخانەیە.
سامان محەممەدی خیارە لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٢دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا و بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤیندا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئازار و ئەشکەنجە درا.
پاش دەسبەسەرکرانی ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە، دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی فیلمێکی لە دانپێدنانە زۆرەملێیەکەی ناوبراو و چەند بەندکراوی عەقیدەتیی دیکە بڵاو کردەوە.
ئەم بەندکراوە کوردە دواتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگەی ئەندامەتی لە گرووپە مەزهەبییەکان"ـەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە بە حوکمی دادگای سەرەتایی، دۆسییەکەی بە مەبەستی پێداچوونەوە ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کرا و پاش هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە، دۆسییەکەی ڕادەستی لقی هاوتەریب کرا.