ژمارەی دەسبەسەرکراوانی مەهاباد گەیشتە سێ کەس؛ کەیوان سەیدئەحمەدی و سیروان شاوەلە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران
 
            لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە مەهاباد، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەیوان سەیدئەحمەدی" و "سیروان شاوەلە" هاوسەری جەلال سەدەفی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
شەوی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، کەیوان سەیدئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "بەیرەم"ی مەهاباد بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیارا ڕاگوێزرا.
هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سیروان شاوەلە هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
شایانی باسە کە هاوسەری ناوبراو بە ناوی جەلال سەدەفی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەیکانەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا بە بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتی لە بەندیخانەی مەهابادە و چارەنووسی ناڕوونە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی کەیوان سەیدئەحمەدی و سیروان شاوەلە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەر لەم پێوەندییەدا شەوی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، خزر(شەماڵ) ڕەسووڵ مروەت، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
 
                             
                             
                            