مەهاباد؛ خزر ڕەسووڵ مروەت، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا
 
            شەوی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، خزر (شەماڵ) ڕەسووڵ مروەت، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادری کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە و دەسبەسەریان کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی خزر ڕەسووڵ مروەت زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
خزر ڕەسووڵ مروەت، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو یەکەمین جار لە گەلاوێژی ١٣٧٨دا دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سێ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درا، ناوبراو پاش تێپەڕاندنی دوو ساڵ لە حوکمەکەی بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کرا بەڵام سەرەڕای قەبووڵبوون لە تاقیکارییەکان، لە درێژەدان بە خوێندن لە قۆناغی کارناسیی باڵا بێبەری کرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەی ١٣٩١دا و دوابەدوای بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ پشتیوانی لە قوتابییانی شیناوێ لە بەردەم بنکەی پەروەردەی مەهاباد دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ لێپرسینەوەی لێ کرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕەزبەری ١٣٩٢دا بە بێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەوادیکیا" بە ٥ ساڵ بەندکران سزا درا و حوکمەکە پاش مانگێک لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا لە لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٢دا بە هۆکاری نادیار بۆ بەندیخانەی ورمێ دوور خرایەوە و لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣دا هەمیسان گەڕێندرایەوە بەندیخانەی مەهاباد. لە درێژەی گوشارەکان دژی ئەم بەندکراوە سیاسییەدا، ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٥دا بە بڕیاری دادستانی و بەرپرسی بەندیخانەی مەهاباد لەم بەندیخانەیەوە بۆ بەندیخانەی میاندواو دوور خرایەوە.
 
                             
                             
                            