دەسبەسەرکرانی زیلان کەمانگەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە کامێران
06:30 - 8 خەزەڵوەر 2725
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممه ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، زیلان کەمانگەر، هاووڵاتیی خەڵكی کامێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەکەدا گرتووە.
زیلان کەمانگەر کچی حوسێن کەمانگەر، بەندکراوی سیاسیی پێشوویە که ڕۆژی چوارشەممه ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا و دواتر لە تۆمەتی "بەغی" بێتاوان ناسرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی زیلان کەمانگەر زانیارییەک دەست نەکەوتووە.