بەندیخانەی مەهاباد؛ کامران ڕێواز ١١١ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووس، ٧٦ ڕۆژ لە گرتنگە

06:23 - 8 خەزەڵوەر 2725

٧ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١١١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "کامران ڕێواز"، هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد، کە زیاتر لە ٧٦ ڕۆژی ئەم ماوەیە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییدا بووە، ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ کامران ڕێواز کە لە پووشپەڕی ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرا، هەتا ٦٤ ڕۆژ سەبارەت بە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نەبوو تا ئەوەی کە پاش ئەم ماوەیە بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا. ناوبراو بۆ ماوەی یەک مانگ بە بێ مافی ئازادیی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباددا چاوەڕوانی حوکمی دادگا بوو. دواتر دیسانەوە بۆ ماوەی دوو حەفتە بۆ گرتنگەی ئیتلاعات ڕاگوێزرا و لێپرسینەوەی لێ کرا و دواتر دیسان گەڕێندرایەوە بەندیخانەی مەهاباد و ئێستا لەکاتێکدا کە چارەنووسی ناڕوونە لەم گرتنگەیەدایە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ ئەم هاووڵاتییە سەرجەم بۆ ماوەی ٧٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکاندا لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە. پاش ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی مەهابادیش هەمیسان لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، "کامران ڕێواز" هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی زیلان کەمانگەر زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

کامران ڕێواز، ۲۹ ساڵ، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.