مەهاباد؛ یەک حوکمی سێدارە و ۶۰ ساڵ بەندکران بۆ کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم و شەش هاووڵاتیی دیکە
٤ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴؛ حەوت هاووڵاتیی کورد بریتی لە "کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران، "یووسف مام قادری"، "هێمن مام قادری"، "سالار بایزیدی ئازەر"، "مەنسوور کەربەلایی"، "حەسەن مامیل ئازەر" و سالار سەیدڕەحیمی" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" هەرکام بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران مەحکووم کراون. ئەم حوکمانە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەحەد سیامی" دەر کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم حوکمانە ڕایگەیاند؛ ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم" تەمن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "تەرشکان" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلانبی مەهابادەوە بەەسەرۆکایەتیی دادوەر "ئەحەد سیامی" بە سێدارە مەحکووم کراوە و شەش هاووڵاتیی دیکەش بە ناوەکانی «یووسف مام قادری» ٤٠ ساڵه و خەڵکی بۆکان، «هێمن مام قادری» ٣١ ساڵه و خەڵکی بۆکان، «سالار بایزیدی ئازەر» ٣٦ ساڵه و خەڵکی گوندی «لەج» سەر بە مەهاباد، «مەنسوور کەربەلایی» ٣٠ ساڵه و خەڵكی گوندی «سەرچنار» سەر بە میاندواو، «حەسەن مامیل ئازەر» ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی «گامێش گۆلی» سەر بە میاندواو و «سالار سەید ڕەحیمی» خەڵکی گوندی «گامێش گۆلی» سەر بە میاندواو به تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" هەر کام به ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران مەحکووم کراون.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای وت: لە نێوان ئەم کەسانەدا، کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم بە بێ بەشداریی خۆی لە دادگاییەکەدا مەحکووم کراوە.
ئەم حەوت هاووڵاتییە بە مەودای ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ هەتا ٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون.
ئەم کەسانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ کەوتبوونە ژێر ئەشکەنجە و لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.
لە درێژەدا پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە گەڕێندرانەوە بەندیخانەی بۆکان و هەرکامیان بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوون.
کاوەیس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم پاش ئازادیی کاتی بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ئێران چووەتە دەرەوە.