مەهاباد؛ کەیوان مامەگوڵی بە شەش مانگ بەندکران مەحکووم کرا
23:02 - 4 خەزەڵوەر 2725
٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەیوان مامەگوڵی" خەڵکی گۆێگتەپەی مەهاباد، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکران سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ بەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کەیوان مامەگوڵی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.