میاندواو؛ شەهاب تەوان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا درا

22:54 - 4 خەزەڵوەر 2725

٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ لە درێژەی ڕەوتی دەرکردنی سزا دادوەرییەکان دژی چالاکان و هاووڵاتییانی کورد، شەهاب تەوان هاووڵاتیی کوردی خەڵکی "برایم ئاباد"ی سەر بە میاندواو لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی میاندواو بە سەرۆکایەتیی دادوەر "وێلایی" ئەم هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لە ڕێگەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی یەکێک لە دایکانی چەند گیانلەدەستداوی دەستی کۆماری ئیسلامی و قسەکردن لەگەڵ چالاکێکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا داوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، شەهاب تەوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و پاش یەک مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕاگوێزران بۆ بەندیخانەی ورمێ، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ کوردپا بڵاوی کردەوە کە شەش هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری میاندواو کە پێشتر بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە سەرجەم بە ١٨ مانگ و شەش ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا دران.