سنە؛ مامۆستا محەممەد خزرنژاد بۆ یەکەمین جار بە دانانی بارمتەی قورس مورەخەسیی پێ درا

22:44 - 4 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤، مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینی بەپێشینەی ٢٤ ساڵ پێشنوێژی و وانەوتنەوە پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بۆ یەکەمین جار بە دانانی بارمتەی قورسی سەرووی پێنج میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەوە نێردرایە مورەخەسی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا کوردە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ مورەخەسیی پێ دراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەی باسی لە ڕاگواستنی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرد.

لە خەرمانانی ١٤٠٣دا، مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە ناڕەزایەتی بە ڕەوتی دادڕەسی و حوکمی دەرکراو دژی خۆی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ مانی لە خورادن گرت.

ڕۆژی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، لە مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزهەبی دەسبەسەرکراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دوای تێپەڕبوونی ٢ مانگ لە پشتڕاستکرانەوە لە دیوانی باڵای وڵات، هەڵوەشایەوە و بە یەک دەرەجە کەمکردنەوە بۆ بەندکران گۆڕدرا. تەنیا ٥ ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن "میزان" هەواڵدەریی هێزی دادوەرییەوە، ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسداران، ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم مامۆستایەی بڵاو کردەوە کە یەک خولەک و ٣٧ چرکە بوو. لە درێژەدا نوێنەری بۆکان لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، پێشنوێژی پاوە وەکوو نوێنەری خامنەیی و پێشنوێژی بۆکانیش هەرکامەیان باسیان لە ڕۆڵی خۆیان لە هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد کرد.

سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی کوردی خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ڕازینی" وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

سزای لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ دەسبەسەرکرانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد نێوەڕاستەکانی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی رازینی" وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا نەجەفزادە" بە تۆمەتەکانی وەک "افساد فی الارض"، "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی زیانگەیاندن بە سەروەری و سەربەخۆیی وڵات" و  "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکران سزا درابوو.

پاش دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ مامۆستا محەممەد خزرنژاد، ٢٣٥ کەس لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننە مەزهەبی کوردستان، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی هێزی دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی ئەمنییەتی، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەندامەتیی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە گرووپە توندئاژۆکان ڕایانگەیاند کە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی مامۆستا محەممەد نادادپەرواەرانە بووە و دژایەتیی لەگەڵ یاساکانی حکوومەت بووە و ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی دەبێ لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت بەڕێوە بچێ.

پێشتریش سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاندبوو: دادگا بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێی وەرگیراو لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات، پێوەندی لەگەڵ گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکان، ڕێبەریکردنی ناڕەزایەتییەکانی بۆکان و ئەو زیانانەی کە بەر شوێنە گشتییەکان کەوتوون لەو تۆمەتانەن کە وەپاڵ ئەم مامۆستا دراون.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە خەزەڵوەری ١٤٠٢دا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و پاش چوار دانیشتنی کورتی دادگا، دادگاکە ناوبراوی بە لەسێدارەدران و ١٦ ساڵ بەندکران سزا دا.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لە دادگادا ڕەت کردوونەتەوە و سەبارەت بە سزای دەرکراو لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

ئەم مامۆستا کوردە لە ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بەتوندی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کران.

دەسبەسەرکرانی ئەم مامۆستا ئایینییە پاش قسەکانی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی بۆکان دەسبەسەر کرابوو.

ئەم مامۆستایە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی گیانلەدەستداوان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، خوازیاری ڕاگرتنی کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بووە و ڕایگەیاندبوو کە "لە جیاتی بەکارهێنانی سەرکوت بیر لە ڕێکاری لۆژیکی و چارەسەری کێشەکان بکەنەوە، هەموو دەزانین کە توندوتیژی و کوشتار بە هێچ کوێ ناگات."

هەروەها ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠١، ئەم مامۆستا کوردە لەگەڵ ٤٥٣ مامۆستای دیکە بە واژۆی بەیاننامەیەک لە پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدی ڕایگەیاندبوو: ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سوننیی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیی لێبڕاوی خۆی لە داخوازییە ڕەوا و یاساییەکانی خەڵک، توندوتیژی و دەسبەسەرکران و کوشتنی ناڕازییان بەتوندی مەحکووم دەکات و وێڕای ئاوات خواستن بۆ ئارامیی کوژراوانی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و ڕاگەیاندنی هاوخەمی لەگەڵ کەسوکاریان، سەرەخۆشیی خۆمان لە خەڵکی ستەملێکراوی ئێران ڕادەگەینین."

مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ کراوە و بە فەرمانی "مرکز بزرگ اسلامی غرب کشور" و ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە لە پێشنوێژیی مزگەوتەکانی سنە و بۆکان دەر کراوە.