میاندواو؛ دەرکردنی حوکمی ١٨ مانگ و ٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی داسەپاو دژی شەش هاووڵاتیی کورد

٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ لە درێژەی ڕەوتی دەرکردنی سزای یاسایی دژی چالاکان و هاووڵاتییانی کورد، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەش هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری میاندواو کە پێشتر بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە سەرجەم بە ١٨ مانگ و شەش ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا دران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی میاندواو بە سەرۆکایەتیی دادوەر "وێلایی" ئەم شەش هاووڵاتییەی بە تۆمەتی"پڕوپاگەندە دژی نیزام" لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دایکی یەکێک لە قوربانییانی دەستی کۆماری ئیسلامی و قسەکردن لەگەڵ چالاکێکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات هەرکام بە ٣ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کردووە، ناوی ئەم هاووڵاتییانە بەم شێوەیە؛
سدیق عەباسنژاد، کوڕی مەلا ڕەحمان، خەڵکی گوندی «قەڵای هۆلاکۆخان» سەر بە میاندواو
بێهزاد بەرجسته، ۳۲ ساڵ، کوڕی بایزید، خەڵکی گوندی «برایم ئاباد» سەر بە میاندواو
کەیوان بەرجسته، کوڕی تاغی، خەڵکی گوندی «برایم ئاباد» سەر بە میاندواو
نیما قوربانزاده، ۲۸ ساڵ، کوڕی لوقمان، خەڵکی گوندی «برایم ئاباد» سەر بە میاندواو
سەید خالق ڕەحیمی، خەڵکی گوندی «گامێشگۆلی» سەر بە میاندواو
موبین مەجیدزاده، ۲۸ ساڵ، خەڵکی گوندی «گامێشگۆلی» سەر بە میاندواو
بەپێی بڕیاری دەرکراو، ئەم هاووڵاتییانە مافی ناڕەزایەتیدەربڕین بەنیسبەت ئەم بڕیارەیان بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ هەیە.
ئەم شەش هاووڵاتییە پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. ئەوان پاش یەک مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕاگوێزران بۆ بەندیخانەی ورمێ، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
نیما قوربانزادە و بێهزاد بەرجستە و موبین مەجیدزادە سەڵتن و کەیوان بەرجستە، سدیق عەباسنژاد و سەید خالق ڕەحیمی خێزاندارن. سدیق و سەید خالق سێ منداڵیان هەیە.
پێویستە بوترێ کە گوندەکانی "برایم ئاباد"، "قەڵای هۆلاکۆخان" و "گامێش گۆلی" سەر بە بەشی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکانن و دانیشتووانی ئەم گوندانە سەر بەم ناوچەیەن. بەم حاڵەوە کۆماری ئیسلامی لە دابەشکارییەکی ئامانجداری سیاسی_ئەمنییەتیدا ئەم گوندانەی خستوونەتە بەشی ئیداریی شاری میاندواوەوە.