سەقز؛ نەریمان ڕەندانی، چالاکی مەدەنی پاش ٦٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤، نەریمان ڕەندانی چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز پاش ٦٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە پاش کۆتییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، نەریمان ڕەندانی، بۆ سێهەمین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
میلاد ڕەندانی، برای نەریمانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش توندوتیژی و لێدان لە کۆتایی هەمان ڕۆژدا لە گرتنگە ئازاد کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٤، نەریمان ڕەندانی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە و بۆ شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، نەریمان ڕەندانی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، نەریمان ڕەندانی بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرابوو.
شەوی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، نەریمان ڕەندانی کە لە بواری هونەر و مۆسیقادا چالاکیی هەیە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی نا بۆ سێدارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.