سەقز؛ ئازادیی کاتی چوار هاووڵاتیی کورد پاش ٦١ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتە

04:32 - 29 رەزبەر 2725

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی ئومید ڕەحیم‌زادە، مێهدی کەماڵی، زەکەریا مورادی و محەممەد ئەمین‌پوور پاش ٦١ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سەقزدا ڕاگیرابوون و لێپرسینەوەیان لێ کرابوو.

پێشتر کوردپا ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤‌ەوە، "ئومید ڕەحیم‌زادە" تەمەن ٤٧ ساڵ کوڕی مەحموود، "مێهدی کەماڵی" تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی سەعید، "زەکەریا مورادی" تەمەن ٣٥ ساڵ و کوڕی عەلی و "محەممەد ئەمین‌پوور" تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی ئەحمەد، بە بێ بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون تا چەند حەفتە سەبارەت بە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نەبووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە ناڕوونە و دەسبەسەرکرانیان دەچێتە خانەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانە و سەروویاساییەکانەوە.