سنە؛ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئازاد حاجی میرزایی، چالاکی مەدەنی و دەسبەسەرکراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

04:19 - 29 رەزبەر 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤، "ئازاد حاجی میرزایی" چالاکی مەدەنی و لە دەسبەسەرکراوانی ژن، ژیان، ئازادی، خەڵکی گوندی "باوەرێز" سەر بە شاری سنە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم چالاکە مەدەنییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە دووکانەکانی نێو بازاڕی سنەدا لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئازاد حاجی میرزایی پێشتر لە ساڵەکانی ١٤٠١ و ١٤٠٢دا چەندین جار دەسبەسەر کراوە و لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراوە. ناوبراو کە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە، لە ماوەی چەند جار دەسبەسەرکرانیدا کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوە و بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە یان پڕکردنەوەی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراوە.

وەک سیاسەتی هەمیشەیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و تێگەیاندن لە تاوان، تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.