مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی محەممەد دادڕەس و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار

04:12 - 29 رەزبەر 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێرشی چەکدارانە بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی "محەممەد دادڕەس" لە ئاوایی «سەردۆش» سەر بە شاری مەریوان، بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنیکی نادیاریان ڕاگواستووە.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە شەش ماشین هێزی چەکدارەوە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، تێکدان و شێواندنی کەلوپەلە کەسییەکانی، دەستیان بەسەر بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە و  دەسبەسەریشیان کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە محەممەد دادڕەس خێزاندارە و تەنیا دوو ڕۆژ دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی تێپەڕیوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆەرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و

هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.