بانە؛ کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی خۆی لەدەست دا

٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤؛ "ناسر ڕەحیمی" کۆڵبەری خەڵكی گوندی "مەنیجلان" سەر بە شاری بانە، کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە کاتی کۆڵبەریکردندا بە هۆی تەقینەوەی مین، بەسەختی بریندار ببوو، لاقێکی لەدەست دا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم کۆڵبەرە کوردە کە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەر لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانەدا و بە هۆی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان و کەوتنە بەر تەقەی ئەم هێزانە چووەتە نێو ناوچەی مینرێژکراو و جومگەی لاقی بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە، ناوبراو پاش یەک حەفتە مانەوە لە نەخۆشخانە، لاقی لەدەست دا.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی؛ ناسر ڕەحیمی پاش برینداربوون سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی "سەلاحەدینی ئەیووبی"ی بانە ڕاگوێزراوە و دواتر بە هۆی سەختی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی سنە کراوە. بەم حاڵەشەوە لاقی لە جومگەوە بڕدراوەتەوە و ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، پاش بڕینەوەی لاقی نەخۆشخانەی بەجێ هێشتووە.
ناسر ڕەحیمی تەمەن ٤٠ ساڵ خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.