جەعفەر سادقی، شاخەوانی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرا

23:44 - 23 رەزبەر 2725

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٤، جەعفەر سادقی، شاخەوانی خەڵکی شنۆ، پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی شنۆ دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەم شاخەوانە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەروەها مۆبایلەکەشی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

جەعفەر سادقی ڕاهێنەری شاخەوانی و بەردەوانییە و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی باران لە شنۆیە.