سزای سێدارەی مەحموود قەیتەرانی و ڕەزا شەهلائینیا لە بەندیخانەکانی سنە و کرمان جێبەجێ کرا

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی "مەحموود قەیتەرانی" خەڵکی شاری مەریوان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
ئەم بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای، سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.
مەحموود قەیتەرانی خەڵكی گوندی "بەردەسپی"ی مەریوان لە خاکەلێوەی ١٤٠٠دا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئنەقەست"ی براکەی لە شەڕێکدا لەسەر زەوی و زار دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە لەسێدارەدران سزا درا.
ئەم بەندکراوە خێزاندار بووە و باوکی پێنج منداڵ بووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرلەبەیانیی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی "ڕەزا شەهلائینیا" خەڵكی شاری قوروە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان جێبەجێ کرا.
ئەم بەندکراوە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە "تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر" لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی شاری کرمان دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا.